کۆچبەر کێیە؟

 

 

بەپێی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، کۆچبەر “کەسێکە کە سنورێکی نێودەوڵەتی دەبەزێنێت یان بەزاندوویەتی یاخود لەناو وڵاتی خۆیدا ئەو کارەی کردووە دور لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی.” هەرکەسێک ئەو تایبەتمەندییانەى تێدا بێت پێی دەوترێت کۆچبەر بەبێ گوێدانە بارودۆخی یاسایی یاخود ئەوەی ئایا ئازادانە بڕیاری داوە یان نا، هۆکاری کۆچکردنەکەشی گرنگ نییە.

 

 

جیاوازی نێوان کۆچبەری نائاسایی و کۆچبەری یاسایی چییە؟

 

 

داواکاری مافی پەنابەری کەسێکە کە لە وڵاتی خۆی ڕای کردووە بەهۆی ستەم و چەوسانەوە یان هەڕەشەیەکی جدی و داوای پاراستنی نێودەوڵەتی و پەنابەری دەکات لە وڵاتێکی تر.
مافی داواکارانی پەنابەری بە پەیماننامەى پەنابەریی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1951 پارێزراوە، بەپێی پەیماننامەکە، تەنانەت ئەگەر لەڕێگەی نائاساییەوە چووبێتە ئەو وڵاتەوە، داواکاری پەنابەری پێویستە ڕێکاری پەنابەریی دادپەروەر و باشی هەبێت تاوەکو بتوانێت ئازادانە داواکەى پێشکەش بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر سەختە بتوانێت مافی پەنابەری بەدەستبهێنێت بەبێ بوونی کەیسی چەوسانەوەی ڕاستەوخۆ یان هەڕەشەی جدی. لە ساڵی 2016دا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی، کەمتر لە 13%ی داواکاری کۆچبەرانی عێراقی قبوڵ کراون، ئەگەر داواکارییەکی پەنابەریش ڕەتبکرێتەوە، دەبێت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن چونکە ڕێگە بە هیچ پەنابەرێکی نائاسایی نادرێت مافی پەنابەری نەبێت و لە وڵاتدا بمێنێتەوە

 

 

پەنابەر کێیە؟

 

 

پەنابەران کەسانێکن کە لەدەستى ململانێی چەکداری یان چەوسانەوە هەڵهاتوون، داواکاری پەنابەری دەبێتە پەنابەر ئەگەر هاتوو داواکاری پەنابەرێتی قبوڵ کرا، واتە ئەوان مافی پەنابەرییان پێدراوە.
بۆئەوەى وەک پەنابەر وەربگیرێن، پێویستە بیسەلمێنن کە لە وڵاتی خۆیان لەژێر هەڕەشەی چەوسانەوە و مەترسی جدیدا بوون بەهۆی جیاوازی ڕەگەزی، ئاینی، نەتەوەیی و لایەنداری.
پەنابەر دەتوانێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەو وڵاتە بمێنێتەوە کە داواکاریی مافی پەنابەری قبوڵ کردووە، ئەوان مافی پاراستنی نێودەوڵەتییان هەیە.

 

 

کۆچبەری ئابوری کێیە؟

 

 

ئەگەرچی داواکاری پەنابەری یان پەنابەر لەترسی چەوسانەوە و هەڕەشە وڵاتەکەى خۆی بەجێهێشتووە، بەڵام کۆچبەری ئابوری بۆ باشترکردنی بژێوی و باری ئابوری ئەو کارە دەکات. کۆچبەرانی ئابوری بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی تر بۆ باشترکردنی جۆرێتی گوزەران و ژیانیان. ئەگەر کۆچبەری ئابوری بە شێوەیەکی نائاسایی کۆچ بکات بۆ وڵاتێکی تر، ئەوە دەستگیردەکرێن و دەگەڕێنرێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان. کۆچبەرانی ئابوری زۆرجار مافی پەنابەری نایانگرێتەوە لەژێر پەیماننامەى پەنابەری نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1951.

 

 

ئاوارە کێیە؟

 

 

ئاوارە (ئای دی پی) یەکێکە بە زۆرەملێ ماڵ و ناوچەی خۆی بەجێهێشتووە و چووە بۆ ناوچەیەکی تر لە هەمان سنوری وڵاتەکەى خۆی. زۆرجار ئاوارە بەهۆی ناکۆکی چەکداری و سەربازی، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ یان کارەساتێکەوە ئاوارە دەبێت جا سروشتی بێت یان مرۆیی.

 

 

ئایا کوردانی عێراق دەتوانن داوای مافی پەنابەری بکەن؟

 

 

پەنابەری مافێکی بنچینەیی مرۆڤە، ئەو خەڵکەى لە چەوسانەوە یان مەترسییەکی جدی لە وڵاتەکەی خۆی هەڵدێت پێی دەوترێت پاراستنی نێودەوڵەتی. بە شێوەیەکی گشتی، وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخری UNHCR هەمان یاسا پەیڕەو دەکەن کە لە پوختەى پەیماننامەى پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1951دا هاتووە بۆ بڕیاردان لەبارەى کێ مافی پەنابەری دەیگرێتەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە پەنابەری لە زۆربەى ناوچەکانی جیهان بە چەند بنەما و ڕێسایەک ڕێکخراوە. وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا سیستمی پەنابەری ئەوروپی هاوبەشیان داناوە، چەند وڵاتێکی تر ڕێسا و یاسای تایبەتی خۆیان هەیە لەبارەى پەنابەرییەوە. زانیاری زیاتر بزانە لەبارەى ئەوەى ئایا بوون بە پەنابەر مانای چییە.

 

 

ئایا بەرنامەى ڕاگواستن یان جێگۆڕکێ کۆچبەرانی کورد دەگرێتەوە؟

 

 

جێگۆڕکێ گواستنەوەى پەنابەرە لە وڵاتێکەوە کە تێیدا داوای پاراستنی کردووە بۆ وڵاتێک کە ئامادەیە مافی پەنابەری پێ بدات، دەتوانیت لێرە زانیاری زیاتر وەربگریت لەبارەى بەرنامەى جێگۆڕکێ.
ئەگەر تۆ عێراق بەجێبهێڵیت بۆئەوەى داوای مافی پەنابەری بکەیت لە وڵاتێکی تر، تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتەش مافی پەنابەریت پێشکەش نەکات، ئەوە دەرفەتی ئەوەت هەیە داواکاری جێگۆڕکێ پێشکەش بکەیت بۆ وڵاتی سێیەم و تێیدا بژیت و کاری خۆت بکەیت بە سەلامەتی. عێراقییەکان پشکێکی باشیان بەرکەوتووە لە سیستمی جێگۆڕکێ، ڕێکخراوی UNHCR دەڵێت، لە ساڵی 2018دا، هەزار و 238 عێراقی جێگۆڕکێیان پێکراوە، ژمارەکە لە ساڵانی 2015 و 2016 زیاتر بووە و گەیشتووەتە حەوت هەزار کەس. زیاتر لەوەش، وڵاتانی ئەوروپی کۆچبەرانی عێراقی وەک کۆچبەرێک دەبینن کە لە هەژاری و حکومەتێکی خراپ هەڵدێت نەک شەڕ و چەوسانەوە.